سائیبی کوڕی یەزید -ڕەزاى خواى لێبێت- باسی ڕووداوێک دەکات کە ئامادەی بینینی بووە، ئەویش ئەوەیە دوو پیاو لە کاتی قسەکردنیاندا دەنگیان بەرز دەکردەوە لە مزگەوتی پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم-؛ بۆیە عومەری کوڕی خەتاب -ڕەزاى خواى لێبێت- گوێی لێیان بوو وبەردێکی وردی کێشا بە سائیبی کوڕی یەزیددا بۆ ئەوەى بانگی ئەو دوو پیاوە بکات. سائیب ووتی: دوو پیاوەکەم هێنا، وعومەری کوڕی خەتاب پرسیاری لێیان کرد: ئێوە خەڵکی کوێن؟ ووتیان: خەڵکی تائیفین. ئیمامی عومەر ووتی: ئەگەر خەڵکی ئەم شارە بوونایە (واتا: خەڵکی مەدینە بوونایە) سزام دەدان ولێتانم دەدا، چۆن دەنگتان بەرزدەکەنەوە لە مزگەوتی پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم-! وکاتێک خەڵکی شاری مەدینە نەبوون، عوزر وبیانووی بۆ هێنانەوە بەهۆی نەزانینیان؛ چونکە زۆرجار کەسێک حاڵی وەکو حاڵی ئەم دوو کەسە بێت ئەوا حوکمە شەرعییەکانى لە لا شاراوەیە ونایزانێت.