ڕۆژی جومعە کۆبوونەوەیەکی مەزنە بۆ خەڵکی هەموو شارێک، بۆیە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە نیشانەکانى دانایی وحیکمەتی دوو وتاری دەدا، ڕێنموێنیانی دەکرد بۆ ئەنجامدانى خێر وچاکە، وئاگاداریانی دەکردەوە لە شەڕ وخراپە وزیان، دوو وتارەکەى بە پێوە دەفەرموو لەسەر مینبەر، بۆئەوەى باشتر فێری ببن ولێی تێبگەن، وهەورەها نیشانەى بەهێزی ومەزنی ئیسلامە کە مسوڵمانان هەموویان گوێ بۆ وتاربێژ دەگرن کە ڕێنماییەکانى قورئان وسونەت بۆ خەڵکی باسدەکرێت. ئەگەر لە وتاری یەکەم تەواو بووایە، ماوەیەکی کەم دادەنیشت بۆئەوەى پشوویەک وەربگرێت، وتاری یەکەمی لە وتاری دووەم جیا دەکردەوە، وپاشان هەڵدەستا و وتارێکی تری دەدا؛ بۆئەوەى وتاربێژ ماندوو نەبێت، وگوێگر بێزار نەبێت.