واتای فەرموودەکە: ئەوەی سوێندێک بخوات لە سەر شەریعەتێک جگە لە شەریعەتی ئیسلام، وەکو ئەوەی بڵێت: ئەو جولەکەیە یان نەسڕانی، یان مەجوسیە (ئاگرپەرستە)، یان کافرە یان بەریئە لە خودا وپێغەمبەرەکەی ئەگەر ڕووداوێک ببێت یان نەبێت، بە ئەنقەست ودرۆ سوێند بخوات، ئەوا سەر بە ئەو کۆمەڵەیە کە نەفسی خۆی داوە پاڵی لە کۆمەڵە کافرەکان. وئەوەی خۆی بکوژێت بە شتێک وەکو شمشێر وچەقۆ وفیشەک یان هەر کەرەستەیەکی تر ئەوا بەو شتە سزا دەدرێت لە ڕۆژی قیامەتدا. وئەوە نەزر بکات لە سەر شتێک کە لە ژێر موڵکیەتی ئەودا نیە وەکو ئەوەی نەزر بکات لە سەر ئازاد کردنی فڵان بەندە، یان خێرکردن بە ئەوەندە پارە، ئەوا نەزرەکەی هەڵدەوەشێتەوە وگرێنادرێت. وئەوەی نەفرەت ولەعنەت لە ئیماندارێک بکات وەکو کوشتنی وایە، چونکە نەفرەتکەر وبکوژ هاوبەشن لە ئەنجامدانی حەرامکراوەکان وتاوانبار بوون وشایستەی سزان. وئەوەی خۆی گەورە بکات بەو بانگەشە درۆیانەی کە لە ئەودا نین، لە ماڵ وپارە وزانست وڕەچەڵەک وشەرەفمەندی وپلە وپۆست وجگە لەمانە، بۆ سنوور بەزاندن بە سەر بەندەکانی خودا، ئەوا خوای گەورە زیاتر زەلیل وبچووکی دەکاتەوە چونکە ئەو ویستی خۆی گەورە بکاتەوە بە شتێک کە لە ئەودا نییە، بۆیە سزاکەی پێچەوانەى ڕەگەزی مەبەستەکەیەتی.