فەرموودەی ئەبی شورەیحی خوزاعی -ڕەزای خوای لێبێت- بەڵگەیە لەسەر ڕێزگرتن وخزمەتکردنی میوان، لە پێغەمبەرەوە هاتووە -صلى اللە علیە وسلم- کە فەرموویەتی: (هەرکەسێک باوەڕی بە خودا وڕۆژی دوایی هەیە ئەوا با ڕێز لە میوانەکەى بگرێت): ئەمیش لە ڕوانگەى ئامۆژگاری وهاندانە بۆ ڕێزگرتن لە میوان، واتا ڕێزگرتن لە میوان لە نیشانەى کامڵی ئیمانە بە خودا وڕۆژی دوایی. هەندێک شێواز وڕێگای ڕێز گرتن لە میوان: ڕوو خۆشی بەرامبەری، وقسەی جوان وشیرین، وخزمەتکردنی بە خواردن وپێداویستیەکان بۆ ماوەى سێ ڕۆژ بە پێی توانا بۆ ئەوەى قورسی نەخاتە سەر خودی خۆی ومیوانەکەش، وئەگەر لە سێ ڕۆژ زیاتر مایەوە ئەوا ئەوەى پێی دەبەخشێت وەکو خێرێک وایە، وئەگەر بیەوێت دەتوانێت خزمەتی بکات وئەگەریش نەیەوێت ئەوا گوناهبار نابێت ئەگەر خزمەتی نەکات چونکە سێ ڕۆژی تێپەڕاند. پاشان دەفەرموێت: (وپاداشتی شایستەی پێ ببەخشێت، کە ڕۆژ وشەوێکە -بە جوانترین شێوە خزمەت-، ومیوانداری سێ ڕۆژە): زانایان دەڵێن/ مەبەست لە پاداشتی شایستە بریتیە لە خزمەتکردن وگرنگیدان بە شێوەیەکی زۆر جوان، ودەربڕینی ئەوپەڕی چاکەکاری وخێر بەرامبەری، ولە ڕۆژانی دووەم وسێیەمدا بە پێی پێویست خزمەتی دەکات هەروەکو حاڵەتی ئاسایی، ولە سەرووی سێ ڕۆژەوە بە خێرکردن دادەنرێت وئەگەر خزمەتی بکات ولە توانایدا هەبوو کارێکی باشە وئەگەرچیش خزمەتی نەکات ئەوا گوناهبار نابێت چونکە سێ ڕۆژی تێپەڕاندووە. ولە گێڕانەوەى -مسلم- دا: (حەڵاڵ نییە بۆ مسوڵمانێک کە بمێنێتەوە -بۆ ماوەیەکی زۆر- لە ماڵی برایەکی بە شێوەیەک کە تووشی تاوانی بکات-): واتا دەبێت میوان لە پاش سێیەم ڕۆژ ماڵەکە جێبهێڵێت چونکە ئەگەر وا نەکات لەوەیە خاوەن ماڵ تووشی تاوان ببێت؛ چونکە لەوەیە غەیبەتی بکات وبە خراپە باسی بکات، یان لەوەیە خاوەن ماڵ تووشی زیان بکات، یان لەوەیە گومانى خراپ ببرێت بەم جۆرە میوانە، هەموو ئەمانە ئەگەر لە سێ ڕۆژ زیاتر مایەوە لە میونداری بە بێ ئەوەى خاوەن ماڵ زۆری لێبکات.وئەوەى کە پێویستە بزانرێت ڕێزگرتن لە میوان دەگۆڕێت بە پێی حاڵی میوانەکە، کەسی وا هەیە گەورەی بنەماڵەیەکە یان پیاوێکی خاوەن ڕێزێکی بەرزە لە نێو خەڵکیدا؛ ئەوا ئەمە دەبێت بەو شێوەیە میوانداری بکرێت کە شایستەیە، وکەسی وا هەیە کە حاڵی مامناوەندە بۆیە بەو شێوەیە میوانداری دەکرێت کە شایستەیە، وکەسی وا هەیە لە خوار ئەمانەی پێشووە.