ئەم فەرموودەیە ئەوە ڕووندەکاتەوە کە سپاردە (ئەمانەت)* بەرە بەرە لە دڵ نامێنێت، ئەگەر بەشی سەرەتا نەما ئەوا نور وڕۆشناییەکەى نامێنێت ولە جێی خۆی تاریکایی جێدەهێڵێت کە ڕەنگێکە وەکو خاڵی ڕەش -سێبەر- وایە کە جیاوازە لە ڕەنگی پێشووتر، وئەگەر بەشێکی تری نەمێنێت ئەوا وەکو تۆقەلەیەکی تۆخی لێدێت کە ئەمیش شوێنەوارێکە بۆ ماوەیەکی زۆر دەمێنێتەوە، وئەم تاریکاییە لەسەر ئەوەى پێشووترە، وپاشان دەرچوونی ڕۆشنایی ونوری نێو دڵی لە پاش جێگیربوونی لە دڵدا بە پشکۆیەک ئاگر چواند کە لەسەر پێ دەکەوێت هەتا کاتێک کە پشکۆکە لادەچێت وشوێنەواری تۆقلەى ئاگرەکەى دەمێنێت، وبەردێکی بچووکی غل کردەوە (گلاری کردەوە) بەر سەر پێی بۆ ئەوەى زیاتر ڕوونی بکاتەوە. (خەڵكی وایلێدێت): لە پاش ئەو خەوتنە کە سپاردەى تێدا هەڵگیرا وبەرز بوویەوە. (خەریكە كەس نەبێت): واتە نزیکەى لەوەى یەکێک نەدۆزیتەوە. (پەيمان بباتە سەر): واتا هەمووی پەیمان دەشکێنێت وبە دەگمەن یەکێک دەدۆزیتەوە پەیمانەکان بباتە سەر وجێبەجێیان بکات. (هەتا وایلێدێت دەڵێن:): بە هۆی باو بوونی ئەم وتەیە وزۆری دووبارە کردنەوەیەی لە نێو خەڵکیدا. (فڵان تيره پیاوێکی ئەمانەت پارێزی تێدایه): واتا خیانەت لە سپاردە -ئەمانەت- ناکات. (تەنانەت وایلێدێت بە پياوێك دەڵێن: ئای چەندە ئازايە!): لەسەر ئەنجامدانى کردەوەکان. (ئای چەندە لێزانه!): لێزان وقسەزان وڕووخۆشە. (ئای چەندە ژیرە!): چەند زیرەک وتیژ وتێگەیشتووە. (كەچى به ئەندازەی دەنكە گەردیلەیەک ئیمان له دڵیدا نیه): وهەر باسی ئەمانەت مەکە چونکە ئەمانەت بەشێکە لە ئیمان، واتا هەموو ئەم وەسفانە هیچ ڕاستی وهەقیقەتێکی نییە بەڵکو تەنها لە ڕووکەشدا بەو شێوەیە. (حوزەیفە -ڕەزاى خواى لێبێت- دەڵێت: «ڕۆژگارێك بەسەرمدا تێپەڕی گوێم نەدەدا بەوەى کە ڕێککەوتن -بەیعەت- ڕێککەوتن لەگەل کێ دەکەم -به كێ دەدەم-): واتا سەردەمانێک گوێی نەدەدا بەوەى ڕێککەوتن لەگەڵ کێ دەکات یان بەیعەت بە کێ دەدات چونکە دەیزانی کە ئەمانەت هێشتا هەڵنەگیراوە -بەرز نەبووەتەوە- لە نێوان دڵەکان وخەڵکی هێشتا پەیمانەکان جێبەجێ دەکەن، بۆیە بەیعەتی دەدا بە هەرکەسێک بە بێ ئەوەى بگەڕێت بە دوای حاڵی ئەو کەسەدا ئەمیش بەهۆی متمانەکردنی بە خەڵکی وپاراستنیان بۆ ئەمانەت. وباسی ئەوە دەکات کە: ( ئەگەر موسڵمان بووايه ئاینەکەی ڕێککەوتنەکەى -بەیعەتەکەى- دەپاراست، ئەگەر گاوڕ یا جولەكەش بووايه سەرپەرشتيارەکەی نەیدەهێشت ڕێککەوتنەکە -بەیعەتەکە- بشکێنێت)، وپاشان دەڵێت: (بەڵام ئەمڕۆ): ئەوا ئەمانەت نەماوە مەگەر شتێکی کەم نەبێت، بۆیە ووتی: (ڕێککەوتن -بەیعەت- لەگەڵ کەس ناکەم -بە کەس نادەم- مەگەر فڵان وفڵان نەبێت): واتە چەند تاکێک نەبێت کە دەیانناسێت ومتمانەى پێیان هەیە. *(سپاردە -ئەمانەت-: ووتراوە لەوەیە چەند مانایەکی هەبێـت لەوانەش: واتا ئیمان (باوەڕ)، یان واتا ڕاستگۆیی، یان واتا ئەو ئەرکە شەرعییانەى کە لەسەر مرۆڤە جێبەجێیان بکات -تەکلیفە شەرعییەکان-؛ ومانای ئیمان نزیکترە چونکە ئەگەر مرۆڤ ئیمان لە دڵیدا هەبوو پاش ئەوە دەتوانێت ئەرکە شەرعییەکان جێبەجێ بکات)