پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمانیکردووە بەوەى دەفرەکان دابپۆشین، ئەمیش بۆئەوەى پارێزراو بێت لە مێرووەکان، وهەموو شتێکی زیانبەخش، ولەوەیە نەخۆشی بۆ نێویان داببەزێت، ودەبێت دەمی کوندەکان* ببەستینەوە، ودەرگاکان دابخەین چونکە ئەمانە سوود وبەرژەوەندی ئاینی ودونیایی تێدایە وپاراستنی نەفس وماڵە لە خەڵکی خراپ وتێکدەر. وهەروەها ڕێنموێنی کردووە بۆ کوژاندنەوەى ڕۆشناییەکان** چونکە ئەمە پاراستنی ماڵی وخێزانی تێدایە لە زیانی سووتان بەتایبەت ئەگەر ڕۆشناییەکە لە ئاگر بێت. وفەرموودەکە باسی خەوتن دەکات لە شەودا، وباسی ئەوە دەکات کە شەیتان ناتوانێت سەری مەنجەڵ یان دەمی کوندەیەک لاببات ئەگەر دابخرێن، وناتوانێت دەرگا بکاتەوە، وئەگەر شتێک نەبوو بکرێتە سەری ئەو مەنجەڵانە بەشێوەیەک ناوەوەى دەرکەوت یان هەندێکی دەرکەوت؛ ئەوا شتێک وەکو لقە دارێک دەخاتە سەری وئەمە شوێنی قەپاغی سەری دەفرەکە دەگرێتەوە، وپێویستە لە کاتى دانانی شتێک لەسەری مەنجەڵ یان بەستنی دەمی کوندەک یان داخستنی دەرگادا مرۆڤ ناوى خودا بهێنێت (بڵێت: بسم الله)، وباسی ئەوەى کردووە کە ڕۆشنکەرەوەکان بەتایبەت ئەوانەى بە ئاگر کاردەکەن ئەگەر لە کاتی خەوتندا مرۆڤ نەیانکوژێنێتەوە؛ ئەوا مشکەکان یاری پێدەکەن ودەبنە هۆی سووتانى خێزان وماڵ لە کاتی خەوتندا.