پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- باسی ئەوە دەکات کە پیاوێک لە ئومەتەکانى پێشوو سەردانى برایەکی کرد کە لە گوندێکی تر بوو؛ بۆیە خواى گەورە فریشتەیەکی بۆ نارد لەسەر ڕێگاکەی بۆ ئەوەى بیپارێزێت وچاودێری بکات، وفریشتەکە پرسیاری لێیکرد کە بۆ کوێ دەچێت؟ ( -خودا زاناترە- وا دیارە فریشتەکە خۆی کردووەتە سەر شێوەى مرۆڤ)، پیاوەکە پێی ووت کە ئەو دەچێت بۆ ئەم گوندە بۆ ئەوەى سەردانى برایەکی بکات لە پێناو خواى گەورە، فریشتەکە پرسیاری لێیکرد ئایا ئەو کەسە خزمەتکاری ئەوە، یان منداڵێتی کە دەبێت خەرجی لەسەر بکات وڕەحم وبەزەیی پێدا بێتەوە، یان بەرژەوەندییەکی هەیە لەم سەردانى کردنەدا؟ پیاوەکە ووتی: نەخێر، من تەنها لە پێناو خواى گەورە خۆشم دەوێت ودەمەوێت بەهۆی ئەم سەردانیکردنە خودا لێم ڕازی بێت، وفریشتەکە پێی ووت کە ئەو نێردراوە لە لایەن خواى گەورەوە؛ بۆ ئەوەى پێی بڵێت خواى گەورە تۆی خۆشدەوێت هەروەکو چۆن ئەو برایەت لە پێناو خواى گەورە خۆشدەوێت.