شیکردنەوەى فەرموودەکە: پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- سواری ئەسپێک بوو، لەسەر ئەسپەکە کەوت وتەنیشتی ڕاستی بریندار بوو، یەک نوێژ بە دانیشتنەوە پێشنوێژی بۆ هاوەڵان کرد، ئەوانیش لە پشتیەوە بە دانیشتنەوە نوێژیان کرد، وکاتێک نوێژکردن تەواو بوو، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پێیانی فەرموو: نوێژخوێن دەبێت شوێنی ئیمام (پێشنوێژ) بکەوێت لە هەموو شتێکدا (لە هەموو حاڵەتەکانى ناو نوێژدا)، ئەگەر ئیمام تەکبیرەی کرد (ووتی: الله أكبر)؛ پاشان ئەویش (نوێژخوێن) دەبێت تەکبیر بکات، وئەگەر ئیمام ڕکوعی برد؛ (نوێژخوێن)یش دەبێت ڕکوع ببات، وئەگەر سوجدەى برد؛ (نوێژخوێن)یش دەبێت سوجدە ببات، وئەگەر ئیمام بە پێوە نوێژی کرد؛ (نوێژخوێن)یش دەبێت بە پێوە نوێژ بکات، وئەگەر ئیمام بە دانیشتنەوە نوێژی کرد؛ (نوێژخوێن)یش دەبێت بە دانیشتنەوە نوێژ بکات، ئەمە ئەگەر ئیمامەکە لە سەرەتای نوێژەوە بەم دانیشتنەوە نوێژ دەستپێبکات وبە شێوەیەکی ڕێک وفەرمی ئیمامەتی -پێشنوێژی- بۆ خەڵکی بکات، هەروەکو ئەوەى بەسەر هاوەڵاندا ڕوویدا -ڕەزاى خوایان لێبێت- لەگەڵ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لەو ڕۆژەى لەسەر ئەسپەکەى کەوت وتەنیشتی ڕاستی تووشی ئازار بوو بۆیە بە دانیشتنەوە نوێژی کرد وهاوەڵانیش لە پشتیەوە بە دانیشتنەوە نوێژیان کرد.