دایکی ئیمانداران عائيشە -ڕەزاى خواى لێبێت- باسێک دەکات سەبارەت بە ئەو لەگەڵ پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم-، کاتێک پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- لە بەشی شەوی ئەو لە لای بوو، هات بۆ سەر جێگاکەى، وچارۆکەکەى (بشتەکەى) ونەعلەکەى داکەند، لە لای پێیەکانى داینان، وپاڵی دایەوە، کاتێک گومانى وابوو کە من خەوتووم؛ چارۆکەکەى بە هێواشی برد، ونەعلەکانى بە هێواشی لەپێکرد، بۆئەوەى من خەبەرم نەبێتەوە، ونەعلەکانى بە هێمنی لەپێکرد ودەرگاکەی کردەوە ودەرچوو، پاشان بە هێواشی دەرگاکەى داخست، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەمەی ئەنجامدا بە نهێنیەوە بۆئەوەى عائیشە خەبەری نەبێتەوە وبترسێت لە کاتی تەنیا بوونی لە تاریکی شەودا، عائیشە جلەکانى کردە بەری وسەرپۆشەکەی کردە سەری وڕووی داپۆشی، پاشان دەرچوو لە پشتیەوە، هەتاوەکو پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- گەیشتە بەقیع ئەمیش گۆڕستانێکە لە مەدینە؛ زۆر وەستا، پاشان سێ جار دەستی بەرز کردەوە؛ نزای دەکرد، پاشان ئاوڕی دایەوە بۆئەوەى بگەڕێتەوە بۆ ماڵەکەی وعائیشەیش بە خێرایی ئاوڕی دایەوە، وپاشان -صلى اللە علیە وسلم- بەپەلە ڕێی کرد وعائیشەیش بەپەلە ڕێی کرد، پێش ئەو چووە ژوورەوە، عائیشە پاڵکەوت وئەویش -صلى اللە علیە وسلم- هاتە ژوورەوە، فەرمووی: (ئەوە چیتە؟ ئەی عائیش، بۆچی وا هەناسە دەدەیت)، ماناى ئەوەیە: سینگی بەرز دەبووەوە وهەناسەی دەپچڕا وەکو کەسێک کە بە خێرایی ڕای کردبێت ونەتوانێت بە باشی هەناسە بدات لە کاتی قسەکردنیدا، عائیشە ووتی: هیچم نییە، فەرمووی: «پێم دەڵێیت یان -اللطیف الخبیر*- (خواى گەورە) پێم دەڵێت»، ئەویش باسەکەى بۆی گێڕایەوە، فەرمووی: (تۆ ئەو کەسە بوویت کە لە پێشمەوە ڕێت دەکرد؟) ووتی: بەڵێ، بە مشتێک لەسەر سینگی عائیشەی دا کە ئازاردەر بوو، پاشان فەرمووی: (ئایا گومانت ئەوە بوو خواى گەورە ستەمت لێبکات وپێغەمبەرەکەى؟): واتا ئایا گومانت وایە خواى گەورە ستەمت لێبکات وپێغەمبەرەکەی ستەمت لێبکات؛ ئەمیش بە ماناى ئەوە دێت شەوی تۆ بێت ومافى تۆ بێت کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە لای تۆ بمێنێتەوە کەچى بچێت بۆ لای یەکێکی تر لە خێزانەکانى؟ ئەمە نادادپەروەری وستەمە، عائیشە ووتی: (هەرشتێک خەڵکی بیشارێتەوە؛ خواى گەورە پێی دەزانێت؟! بەڵێ): واتا وەکو ئەوە وابێت کە خۆی قسەکەى خۆی بەڕاست دابنێت، ووتی: بەڵێ، هەرشتێک خەڵکی بیشارێتەوە؛ خواى گەورە پێی دەزانێت. پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پێی فەرموو کە جبریل هاتووە بۆ لای، ونەهاتە ماڵەوە؛ چونکە عائیشە جلەکانى دانا بوو؛ خەریک بوو بخەوێت، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- گومانى وابوو کە خەوتووە، وحەزی نەکرد بەخەبەری بکاتەوە بۆئەوەى کاتێک تەنهایە نەترسێت لە تاریکایی شەودا، جبریل -علیه السلام- بە پێغەمبەری فەرموو -صلى اللە علیە وسلم-: پەروەردگارت فەرمانت پێدەکات، کە بچیت بۆ لای ئەهلی بەقیع؛ وداواى لێخۆشبوونیان بۆ بکەیت، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمانەکەى جێبەجێکرد؛ هات بۆ لای گۆڕستانى بەقیع ونزای بۆ مردووەکان کرد وداواى لێخۆشبوونی بۆیان کرد، عائیشە ووتی: چییان پێ بڵێم ئەی پێغەمبەری خودا؟ فەرمووی: بڵی: (السلام على أهل الديار من المؤمنين والمسلمين، ويرحم الله المستقدمين منا والمستأخرين، وإنا إن شاء الله بكم للاحقون)**. *(اللطیف: ناوێکی خواى گەورەیە بە واتای چاکەکار وبەبەزەیی ونەرمونیان دێت بەرامبەر بوونەوەرەکان. الخبیر: واتا زانا وشارەزا بە وردەکاری ونهێنی هەموو شتێک)، **(واتە: سەلام لە ئێوە بێت نیشتەجێبووانى ئەم شوێنە لە ئیمانداران ومسوڵمانان، وخواى گەورە ڕەحم بکات لە ئەوانەى لە پێشووتر چوون ولە ئەوانەیش لە داهاتوودا دێن-بۆ ئەم شوێنە-، وئێمە بە ویستی خواى گەورە دێین بۆ لای ئێوە)