ڕستەی یەکەم: مانای ئەوە دەگەیەنێت هەرکەسێک مردوو بشوات، ئەگەر مردووەکە بچووک یان گەورە، نێر یان مێ بێت، ئەگەر بە دەستی خۆی بیشوات یان بۆ شۆردنی شتێک لە دەستی بکات وەکو پەڕۆیەک یان دەستکێش؛ ئەوا سونەتە لە پاش شۆردنی مردووەکە خۆی بشوات وەکو خۆشۆردنی پاش لەشگران بوون (غوسڵ کردن). ڕستەی دووەم: ماناى ئەوە دەگەیەنێت ئەو کەسەی مردووەکە (جەنازەکە) هەڵدەگرێت سونەت وایە پاش هەڵگرتنی ودانانى لە شوێنی مەبەستدا؛ دەستنوێژ بگرێت، لێرەدا وشەی (الوضوء:دەستنوێژگرتن) بە مانای دەست شۆردن دێت یان فەرمانی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بۆ ئەو کەسانەیە کە دەیانەوێت مردووەکە هەڵبگرن بۆئەوەى ئامادە بن نوێژی لەسەر بکەن، فەرموودەکە ماناى ئاشکراکەى وەرنەگیراوە چونکە هیچ یەکێک لە زانایان ناڵێن دەستنوێژگرتن واجبە بۆ هەڵگرتن یان پاش هەڵگرتنی تەرمی مردوو.