لە ئەبی سەعیدی خودریەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- هێزێکی ناردە سەر بەنی لەحیان، فەرمووی: «با یەک کەس لە دووانتان پێشکەون (بۆ بەشداری کردن لە سوپاکە)، وپاداشت لە نێوانیان دابەش دەکرێت». ولە گێڕانەوەیەکدا (فەرمووی): «با یەک پیاو لە دووان دەربچن (بۆ بەشداری کردن لە سوپاکە)»، وپاشان بەو کەسەی فەرموو کە مایەوە: «هەرکەسێک لە ئێوە بمێنێتەوە وبە چاکە وخێر گرنگی بدات بە خێزان وموڵکی ئەوەى دەرچووە (بۆ جیهاد کردن لە پێناو خوای گەورە)؛ ئەوا نیوەى پاداشتی ئەو دەرچووی هەیە». صەحیحە - موسلیم گێڕاویەتیەوە
explain-icon

شیکردنەوە

پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- ویستی هێزێک بنێرێت بۆ سەر بەنی لەحیان، کە یەکێکن لە بەناوبانگترین تیرەکانى هۆزی هوزەیل. وزانایان کۆکن لەسەر ئەوەى بەنی لەحیان لەو کاتەدا کافر (بێباوەڕ) بوون، بۆیە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- سوپایەکی ناردە سەریان وبە سوپاکەى فەرموو: (با یەک کەس لە دووانتان پێشکەون -بۆ بەشداری کردن لە سوپاکە-): واتا لە هەر هۆزێک نیوەى بەشدار بێت. (وپاداشت لە نێوانیان دابەش دەکرێت): واتا پاداشت بۆ هەردوو لایان دەبێـت؛ بۆ موجاهید وبۆ ئەوەیشی ناڕوات بۆ جیهاد کردن ویارمەتی خێزان وکەسە نزیکەکانى موجاهیدەکە دەدات لەسەر خێر وچاکە. وئەمیش واتای ئەم فەرموودەیە ڕووندەکاتەوە: (ومن خلف غازياً فقد غزا) واتە: (هەرکەسێک شوێنگرەوەى موجاهید بێت -بە یارمەتیدانى خێزان وکەسە نزیکەکانی لەسەر خێر وچاکە-؛ ئەوا ئەویش جیهادی کردووە -غەزای کردووە-). ولە گێڕانەوەیەکدا: (أيكم خلَّف الخارج في أهله وماله بخير كان له مثل نصف أجر الخارج) [رواه مسلم] واتە: (هەرکەسێک لە ئێوە شوێنگرەوەى موجاهید بێت -بە یارمەتیدانى خێزان وکەسە نزیکەکانی لەسەر خێر وچاکە-؛ ئەوا وەکو نیوەى پاداشتی موجاهیدی هەیە). واتا پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمانی پێکردن بەوەى یەکێکیان دەربچێت بۆ جیهاد کردن ویەکێکی تر بمێنێتەوە بۆئەوەى یارمەتی خێزان وکەسە نزیکەکانى موجاهیدەکە بدات ئەگەر پێویستان بوو؛ ولێرەدا نیوەى پاداشتی ئەو موجاهیدەى دەستدەکەوێت.