جابری کوڕی عبداللە -ڕەزای خوایان لێبێت- لەگەڵ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بوو لە یەکێک لە غەزاکانیدا، وسواری وشترێک بوو کە زۆر ماندوو بوو وچیتر نەیتوانی ڕێبکات لەگەڵ سوپاکەدا بۆیە جابر ویستی بەرەڵای بکات؛ چونکە هیچ سوودێکی نییە، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وەکو ڕەحمەتێک بەرامبەر هاوەڵانی لە پاشەوەى سوپاکە ڕێی دەکرد بۆئەوەى یارمەتی لاوازەکان وخاوەن پێویستیەکان بدات، بۆیە گەیشتە لای جابر ئەویش لەسەر پشتی وشترە ماندووەکەى بوو، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نزای بۆی کرد ولێدانێکی سووکی لە وشترەکە دا، ئەم لێدانە میهرەبانەى بووە هۆی ئەوەى ڕۆیشتنێک ڕێبکات کە هەرگیز وا ڕێی نەکردووە، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لە میهرەبانی ڕەوشتی ویستی دڵنەوایی ببەخشێت بە جابر بۆیە قسەی لەگەڵدا کرد بۆئەوەى بە ئاسانی سەفەرەکە بەڕێبکات، فەرمووی: وشترەکەم پێ بفرۆشە بە یەک ئوقیە، جابر -ڕەزای خوای لێبێت- بەهۆی ئەوەى حاڵی وشترەکەى گۆڕا نەیویست پێی بفرۆشێت چونکە ئەم فەرمانکردە ناچێتە بواری فەرمانی واجبەوە بەڵکو مامەڵەیەکی بازرگانییە ونەفرۆشتنی هیچ شتێک لە دینداریەکەى ولە گوێڕایەڵی بۆ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- کەم ناکاتەوە، بەڵام پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دیسانەوە داواى لێیکرد وجابریش پێی فرۆشت بەڵام مەرجەکەى ئەوە بوو هەتاوەکو دەگاتە لای خێزانەکەى لە مەدینە سواری ببێت وپاشان بیهێنێتەوە بۆ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، وئەویش -صلى اللە علیە وسلم- ڕازی بوو لەسەر ئەم مەرجە، وکاتێک گەڕانەوە بۆ مەدینە وشترەکەى گەڕانەوە وپێغەمبەریش -صلى اللە علیە وسلم- نرخەکەى پێیدا، وکاتێک نرخەکەى دا وگەڕایەوە ماڵەوە؛ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- کەسێکی بە شوێنیدا نارد؛ وبە جابری فەرموو: گومانت وابوو مامەڵەم لەگەڵتدا کرد (بۆ کەمکردنەوەى نرخەکە) بۆئەوەى وشترەکەت ببەم؟ وشترەکەت ودرهەمەکانت ببە؛ هەمووی بۆ تۆیە، ئەمیش سەیر نییە لە ڕەوشتی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وبەخشندەیی ونەرم ونیان بوونی، چەندەها ڕووداوی مەزنی هاوشێوەى ئەمە هەبووە لە ژیانیدا -صلى اللە علیە وسلم-.