ئوم سولەیمی ئەنساڕی -ڕەزای خوای لێبێت- هات بۆ لای پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بۆ ئەوەى پرسیاری لێبکات، چونکە پرسیارەکەى سەبارەت بە شتێک بوو پەیوەندى بە شەرمگەوە (عەورەتەوە) هەیە و زۆرجار شەرمدەکرێت لە باسکردنی بابەتێک کە پەیوەندی بەم مەسەلەیەوە هەبێت بۆیە ئەویش ڕستەیەکی ووت بۆ ئەوەى پێشەکی بێت بۆ ئەوەى باسی دەکات وبۆ ئەوەى ئەوانەى دەیبیستن ئاگایان لە قسەکانى بێت. ووتی: خواى گەورە ناوى -الحق- واتا هەقە، وهەرگیز شەرم ناکات لە گەیاندنی هەق وڕاستی بەهۆی شەرمەوە، ئەگەر گەیاندنی هەق وڕاستی سوودی تێدا بێت، وکاتێک ئوم سولەیم ئەم پێشەکیەی باسکرد؛ چووە نێو ناوەڕۆکی بابەتەکەوە، ووتی: ئایا ئافرەت خۆشۆردنی -غوسڵی- لەسەر واجبە ئەگەر لە خەودا ببینێت جیماع دەکات؟ ئەویش -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: بەڵی، ئەگەر مەنی دەرچوو ئەوا خۆشۆردنی لەسەر واجبە.