واتای فەرموودەکە: (تەسیبح کردن بۆ پیاوانە، وچەپڵەلێدان بۆ ئافرەتانە)، لە گێڕانەوەکەی (مسلم)دا: (لە ناو نوێژدا)، واتا: ئەگەر شتێک ڕووبدات هەڵە بێت لە ناو نوێژدا پێویستە کەسێکی تر ئاگاداری بکاتەوە بەهۆی شتێکەوە، ولەوانەش ئاگادارکردنەوەى ئیمام (پێشنوێژ) لە ناو نوێژدا ئەگەر هەڵەیەکی کرد، یان بینینی نابینایەک کە دەکەوێت ناو بیرێکەوە، یان مۆڵەت وەرگرتن بۆ چوونە ژوورەوە، یان نوێژخوێن دەیەوێت کەسێکی تر لە شتێک ئاگادار بکاتەوە، لەم حاڵەتانەدا پیاو دەڵێت: (سبحان الله)؛ ئەمیش بۆ ئاگادار کردنەوەیە لەو شتەی دەیەوێت ئاگاداری سەبارەت بدات، بەڵام ئافرەتان بۆ ئاگادارکردنەوە چەپڵە لێدەدەن (واتا: لە ناو نوێژدا ناو لەپی دەستی ڕاست دەدەن بە سەر پشتى دەستی چەپدا بۆ ئەوەى دەنگێک دەربکات ومەبەست ئەوەیە نییە بە ناو لەپەکانى هەردوو دەست چەپڵە لێبدەن)، ئەمیش بۆ ئەوەى نوێژ دوور بێت لە قسەی ئاسایی؛ چونکە نوێژ شوێنی نزاکردن وپاڕانەوەیە لە خودا -سبحانه وتعالى-، وکاتێک پێویست بوو قسە بکرێت ئەوا ڕێگەپێدراوە شتێک بووترێت کە بەشێکە لە نوێژەکە ئەویش ووتنی (سبحان الله) یە بۆ پیاوان، وهەندێک لە زانایان دەڵێن: ئافرەتانیش دەتوانن بڵێن: (سبحان الله) ئەگەر ئیمام هەڵەی کرد بەڵام بەمەرجێک لە پشتی مەحرەمەکانیانەوە یان لە پشتی ئافرەتانەوە نوێژ بکەن واتا پێشنوێژ مەحرەم یان ئافرەت بێت.