زانایان کۆکن لەسەر ئەوەى ڕۆژووگرتنی ڕۆژی عاشورا سونەتە و واجب نییە، وسەبارەت بە حوکمی ڕۆژووگرتنی لە سەرەتای ئیسلامدا ناکۆکن کاتێک ڕێگەدرا بە ڕۆژووگرتنی پێش ڕەمەزان، ئایا ڕۆژووگرتنی ئەم ڕۆژە واجب بوو یان نا؟، ئەگەر وا دایبنێین کە وتەی ئەوانە دروستە کە دەڵێن واجبە، ئەوا حوکمی ئەم واجبە هەڵوەشێندرایەوە بە هەندێک فەرموودەی سەحیح لەوانەش: عائیشە -ڕەزاى خواى لێبێت- دەڵێت: قورەیش ڕۆژی عاشورا ڕۆژوویان دەگرت لە جاهیلیەتدا (لە پێش ئیسلامدا)، پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمانى کرد بە ڕۆژووگرتنی ئەو ڕۆژە هەتا ڕۆژووی ڕەمەزان فەرزکرا، وپاشان (سەبارەت بە ڕۆژووگرتنی عاشورا) پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «من شاء فليصمه ومن شاء أفطر» [البخاري: 1893, مسلم: 1125] واتە: «هەرکەسێک ویستی با (ڕۆژی عاشورا) ڕۆژوو بگرێت، وئەوەى نەیویست با ڕۆژوو نەگرێت».