پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- لێرەدا ئاماژە بەوە دەکات کە حەسوودی چەند جۆرێکی هەیە لەوانەش ئەو حەسوودیەی لە شەریعەتدا نەهی لێکراوە وحەرامە؛ ئەویش ئەوەیە هیوای ئەوە بخوازیت نیعمەتی خودا بەسەر کەسێکەوە نەمێنێت، وجۆرە حەسوودیەک هەیە دروستە وئاساییە ئەویش ئەوەیە نیعمەتێکی دونیایی بەسەر کەسێکەوە ببینیت وهیوای ئەوە بخوازیت وەکو ئەو خاوەنی ئەو نیعمەتە بیت، وهەروەها جۆرە حەسوودیەکی تر هەیە لە زمانى عەرەبیدا پێی دەووترێت -الغبطة- ئەمیش سونەتە -موستەحەبە- لە شەریعەتدا ئەویش ئەوەیە نیعمەتێکی ئاینی ودینداری بەسەر کەسێکەوە ببینیت وهیوای ئەوە بخوازیت وەکو ئەو خاوەنی ئەو نیعمەتە بیت، ئەمیش ئەو حەسوودیەیە کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- مەبەستی بوو کە فەرمووی: (حەسوودی نابێت هەبێت مەگەر لە دوو شتدا نەبێت): واتا حەسوودی جۆرەکانى وحوکمەکانى جیاوازە بە پێی جیاوازى جۆرەکانى ولە شەریعەتدا سونەت وموستەحەب نییە مەگەر بە دوو مەرج نەبێت: یەکەم/ پیاوێک تەقوادار ودەوڵەمەند بێت، وخواى گەورە ماڵی حەڵاڵی پێبەخشیووە، ئەویش لە پێناوى خواى گەورە دەیبەخشێت؛ بۆیە هیوا دەخوازێت وەکو ئەو بێت بێ ئەوەى نیعمەتەکە لەسەر ئەو لابچێت. دووەم/ پیاوێکی زانا هەبێت، خواى گەورە زانستی بەسوودی پێبەخشیووە کە خەڵکی فێر دەکات، ودادوەری بەو زانستە دەکات لە نێو خەڵکیدا، بۆیە هیوا دەخوازێت وەکو ئەو بێت بێ ئەوەى نیعمەتەکە لەسەر ئەو لابچێت.