ئەم فەرموودەیە ڕوونکردنەوەى هەندێک لە فەزڵەکانى فێربوونی زانستی شەرعی تێدایە: 1- هەرکەسێک لە ڕێگایەکدا بێت بیەوێت زانستی شەرعی فێر بێت وکردەوەى پێبکات یان بگەڕێت بە دوای زانستی شەرعیدا ئەگەر لە ماڵەوەش بێت ئەوا خواى گەورە ڕێگای چوونە بەهەشتی بۆ ئاسان دەکات، وگرتنە بەری ڕێگای زانستی شەرعی ڕێگای هەستپێکراو دەگرێتەوە کە مرۆڤ بە پێیەکانى لەسەری دەڕوات، وهەروەها ڕێگای واتایی دەگرێتەوە؛ ئەمیش فێربوونی زانستی شەرعی دەگرێتەوە بەهۆی دانیشتن لە لای زانایان، یان پێداچوونەوە بکات لە نێو کتێبەکاندا وبیانخوێنێتەوە بۆئەوەى حوکمێکی شەرعی بدۆزێتەوە وفێر بێت، ئەم کەسە ڕێگای گرتووەتە بەر بۆئەوەى فێری زانستی شەرعی ببێت ئەگەرچیش لە شوێنی خۆیدا دانیشتبێت. 2- هەموو ئەوانەى لە ئاسمانەکان وزەویدان داواى لێخۆشبوون بۆ زانایان دەکەن، تەنانەت ماسیەکان لە دەریاکاندا، ئاژەڵەکان لە وشکانیدا. 3- فریشتەکان باڵەکانیان ڕادەخەن بۆ فێرخوازى زانستی شەرعی ئەمیش وەکو نیشانەیەک بۆ ڕازی بوونیان لەسەر ئەو کردەوەیان، ودەربڕینی سادەبوون و بەمەزندانانى زانستی شەرعی وفێرخواز وفێرکارەکانى. 4- زانایان میراتگری پێغەمبەرانن، چونکە زانست وکردەوە وبانگەوازى بۆ لای خواى گەورە وهیدایەتدانى بوونەوەرەکان وڕێنیشاندانیان بۆ ڕێبازی خودا پەرستی وبۆ ئاینی ئیسلام وەکو میرات لە ئەوانە بۆ زانایان بەجێماوە. 5- فەزڵی زانا لەسەر عابید* وەکو فەزڵی مانگە بەسەر هەموو ئەستێرەکانەوە، چونکە نور وڕۆشنایی پەرستن تەنها بۆ عابیدەکەیە وناگوزارێتەوە بۆ کەسانی تر، ئەمیش وەکو نور وڕۆشنایی ئەستێرەکان وایە کە تەنها خۆیان دەدرەوشێنەوە، بەڵام مانگ نوری زانستی شەرعی وکامڵبوونی دەگوزارێتەوە بۆ کەسانی تر وجگە لە زاناکە خەڵکانى تریش سوودەمەند دەبن، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- باسی ئەوە دەکات کە پێغەمبەران لە پاش خۆیان میراتیان بۆ کەس بەجێنەهێشتووە لە شتومەکی دونیا، نە درهەم ونە دینار، وگەورەترین میراتی ئەوان بریتیە لە زانستی شەرعی، بۆیە هەرکەسێک فێریان ببێت ئەوا بەشێکی باشی بۆ خۆی وەرگرتووە ولێی سوودمەند دەبێت بۆ دنیا وبۆ قیامەتی، وئەمیش میراتی ڕاستەقینەیە کە سوودی هەیە، ونابێت مسوڵمان گومانى وابێت کە زانا کردەوە وپەرستنی کەم دەکات، وئەو کەسەیش عابیدە زانستی کەمە، بەڵام زانستی زاناکە زیاترە لە کردەوەکانى وهەروەها کردەوەکانى عابیدەکە زیاترە لە زانستەکەى، بۆیە زانایان میراتگری پێغەمبەرانن وهەردوو میراتەکەیان بەدەستهێنا، زانست وکردەوە، ئەمیش ئەوپەڕی کامڵبوونە، ئەمە ڕێگای خوداناسان وپیاوچاکانە بۆ نزیکبوونەوە لە خواى گەورە -سبحانه وتعالى-. *(عابید: واتە کەسێک خۆی یەکلایی کردبێتەوە بۆ خودا پەرستنی زۆر زیاتر لە فێربوونی زانستی شەرعی)