واتاى فەرموودەکە: کاتێک مسوڵمان سوێندێک دەخوات سەبارەت بە خێزانەکەى وتووشی زیان بن ئەگەر سوێندەکە نەشکێنێت، ولە پەشیمان بوونە لە سوێندەکە هیچ سەرپێچیەکی فەرمانى خواى گەورەی تێدا نەبێت، ولە پاش ئەمە هەر بەردەوام بێت لەسەر سوێندەکەى؛ ئەوا ئەمە گوناهێکی گەورەترە لە کەفارەتدان وگەڕانەوە لە سوێندەکە، چونکە پێویستە لەسەری کەفارەت -کفارة الیمین- بدات کە خواى گەورە لەسەری فەرز کردووە وبەردەوام نەبێت لەسەر سوێندەکەى، ئەگەر شکاندنی سوێندەکەى هیچ تاوانێکی تێدا نەبێت، بەڵکو بەردەوام بوونی لەسەر سوێندەکەى گوناهێکی گەورەیە، چونکە زیانی هەیە بۆ سەر خێزان، وخواى گەورە لەم بابەتەدا ئاسانکاری کردووە بۆ بەندەکان لە شەریعەتەکەیدا، ولە فەرموودەیەکدا هاتووە لە (البخاري) و (مسلم)دا: ((إذا حلفت على يمين فرأيت غيرها خيراً منها، فأت الذي هو خير، وكفر عن يمينك) واتە: (ئەگەر سوێندی ڕاستت خوارد وبینیت جگە لە سوێندەکە باشترە جێبەجێ بکرێت، ئەوە ئەنجامبدە کە خێرترە، وکەفارەتی سوێندەکەت بدە).