(حەبەل حوبەلە:حبل الحبلة) لە فرۆشتنە حەرامکراوەکانە لە ئیسلامدا، ودوو ڕاڤە بۆ مانای ئەم جۆرە مامەڵە کراوە: 1/ بە مانای ڕاگرتن (هەڵپەساردن) دێت، واتا پیاوێک شتێک بفرۆشێت بە نرخێکی دواخراو بۆ ماوەیەک هەتاوەکو وشترەکەی کەسی بەرامبەر بێچووی دەبێت، وپاشان بێچووەکەش بێچووی تری دەبێت، نەهی لەم جۆرە مامەڵە کراوە چونکە ماوەی دانەوەى نرخەکە نەزانراوە، وکورتی ودرێژی ماوەکە کاریگەری هەیە لەسەر نرخەکە. 2/ بە ماناى فرۆشتنێکی شتێکی نەبوو و نەناسراوە، بۆ نمونە کەسێک شتێک دەفرۆشێت بە کەسێک بەرامبەر وەچەی بێچووی سکی وشترێک، ئەم مامەڵە نەهی لێکراوە چونکە زیانی زۆر و نادڵنیایی تێدایە، ئایا نێرە یان مێیە؟ ئایا یەک یان دوو بێچووە؟ ئایا دەمرێت یان دەمێنێت؟ وماوەی بەدەستهێنانى نەزانراوە، وئەم جۆرە فرۆشتنە نەزانراوانە، زۆر زیان وناکۆکی تێدەکەوێت. واتا مەسەلەکە چوار شێوەی هەیە: 1/ فرۆشتنی بێچووی نێو سکی وشترەکە. 2/ فرۆشتنی وەچەی بێچووی نێو سکی وشترەکە، وئەم گرێبەستە زیاتر لەوەى یەکەم نەزانراو و نەناسراوە. 3/ فرۆشتنی شتومەکەکە دوا بخات، واتا ئەو ماوەیە دوا بخات کە شتومەکەکە دەبێتە موڵکی کڕیارەکە هەتاوەکو وشترەکە بێچووی دەبێت، یان بێچووی سکی وشترەکە وەچەی دەبێت. 4/ فرۆشتنەکە کۆتایی پێهێندراوە، بەڵام بە نرخێکی دواخراو بۆ ماوەیەکی نەزانراو.