سونەت لە سەربڕینی مانگا وپەز وئاژەڵی تر -جگە لە وشتر- نەبێت ئەوەیە کە لە لای چەپی ملیانەوە لەسەر زەوی دابنرێن وپاشان سەر ببڕدرێن، بە شێوەیەک ئاراستەیان بەرەو ڕووی قیبلە بێت، بەڵام لە وشتردا؛ سونەت ئەوەیە خوێنهێنی ملی ببڕدرێت کە ئەمیش شوێنێکە دەکەوێتە سەرەوەى سینگ وسەرەتای ملی وشترە، ودەبێت (دەستی) چەپی ببەسترێتەوە، چونکە هێوری دەکاتەوە وڕۆحی بە زوویی دەردەچێت، وبۆیە کاتێک عبداللەی کوڕی عومەر بە لای پیاوێکدا تێپەڕ بوو کە دەیویست وشترەکەى سەر ببڕێت لە کاتێک بەسەر ئەژنۆکانیدا لەسەر زەوی داینا بوو، پێی ووت: بە پێوە بیوەستێنە، و(دەستی) چەپی ببەستە، ئەمە سونەتی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- کە بە پێی ڕێنماییەکانى قورئانی پیرۆز کردەوەى کردووە، خواى گەورە دەفەرموێت: {فَإِذَا وَجَبَتۡ جُنُوبُهَا فَكُلُواْ مِنۡهَا} [الحج: 36] واتە: {ئینجا کاتێک کەوتنە سەر زەوی بە تەنیشتدا (کاتێک گیانیان دەرچوو) ئەوە لەگۆشتەکەیان بخۆن}، واتا ئەگەر لایەکانى وشترەکە کەوت بەسەر زەویدا، وکەوتنیش ڕوونادات ئەگەر ئاژەڵەکە بە پێوە نەوەستا بێت.