لە ئەنەسەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- چوو بۆ لای ئیبراهیمی کوڕی کاتێک لە سەرەمەرگدا بوو، چاوەکانی پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- فرمێسکی لێدەهاتە خوارەوە. عبدالرحمانی کوڕی عەوف ووتی: هەروەها تۆیش ئەی پێغەمبەری خودا ؟! فەرمووی: «ئەی ئیبن عەوف، ئەمە (فرمێسکی) ڕەحمەتە»، پاشان قسەیەکی تری کرد، فەرمووی: «چاوەکان فرمێسک دەڕێژن ودڵ تەنگ دەبێت، وهیچ شتێک ناڵێین مەگەر ئەوە نەبێت کە پەروەردگارمان لێی ڕازییە، وئێمە بەهۆی جیابوونەوەى تۆ دڵتەنگین ئەی ئیبراهیم». صەحیحە - بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەری
explain-icon

شیکردنەوە

پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- چوو بۆ لای ئیبراهیمی کوڕی کاتێک لە سەرەمەرگدا بوو، چاوەکانی پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- فرمێسکی لێدەهاتە خوارەوە. عبدالرحمانی کوڕی عەوف ووتی: هەروەها تۆیش ئەی پێغەمبەری خودا ؟! ئەمیش لە ڕوانگەی سەرسوڕمانەوە، واتا خەڵکی لەسەر ناخۆشیەکان ئارام ناگرن وتۆیش وەکو ئەوان کردەوە دەکەیت ؟! سەیر بوو بە لایەوە چونکە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بەردەوام ئامۆژگاری دەکردن بە ئارامگرتن ودوور بوون لە بێهوا بوون ودەربڕینی ناڕازی بەرامبەر قەزا وقەدەری خودا. پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پێی فەرموو: (ئەی ئیبن عەوف، ئەمە -فرمێسکی- ڕەحمەتە): واتا ئەو حاڵەتەى بینیت لە منەوە بەهۆی نەرم ونیانی وخۆشەویستیە بەرامبەر کوڕەکەم. پاشان فەرمووی: (چاوەکان فرمێسک دەڕێژن ودڵ تەنگ دەبێت، وهیچ شتێک ناڵێین مەگەر ئەوە نەبێت کە پەروەردگارمان لێی ڕازیی): واتا ناڕازی دەرنابڕین بەهیچ شێوەیەک وئارام دەگرین لەسەر قەزا وقەدەری خواى گەورە. (وئێمە بەهۆی جیابوونەوەى تۆ دڵتەنگین ئەی ئیبراهیم): ڕەحمەت وبەزەیی دەربڕین وگریانێک کە ناڕازی بوونی پێوە دیار نەبێت دژی ئارام گرتن وباوەڕ هێنان بە قەزا وقەدەر نییە.